چۆنێتی نوسینی نامەی هاوپێچ (یه‌ڵڵا)

یاسەمین جاف – ئەکتیڤ لەیبەر / هەولێر
لە کاتێک پێشکەشکردنی داواکاریدا بۆ کارێکی نوێ لە هەر کۆمپانیایەک، چەند پرسیارێک هەیە کە پێویستە پێشتر بیری لێ بکەیتەوە و خۆت بخەیتە جێی ئەو کەسەی کە داواکاریەکەت دەخێنێتەوە؛
– دەتەوێ چی بزانیت لە بارەی ئەو کەسەی کە داواکەی پێشکەش کردووە؟
– چ مەرج و توانایەک لە کەسی داواکەردا هەیە کە شوێنی کارەکە دەیەوێت بیزانێت؟
– چ شتێک هەیە کە شوێنی کارەکە بە دوایدا دەگەڕێت؟
دوو جۆر نامەی هاوپێچ هەیە، نامەی هاوپێچی داواکرا و داوانەکراو.
نامەی هاوپێچی داواکراو بۆ ئەو داواکاریانەیە کە پێشتر ریکلامی بۆ کراوە. نامەی هاوپێچی داوانەکراویش بۆ ئەو کەسانەیە کە بە دوای کاردا دەگەڕێن و داواکاریەکانیان دەنێرن بۆ چەند شوێنێک و باسی تایبەتمەندی و تواناکانی خۆیان دەکەن و لە چاوەڕێی ئەوەدان کە کارێک بدۆزنەوە. ئەو داواکاریانەی کە بۆ راهێنانن، لە جۆری دوهەمن.
بۆ هەر دوو جۆری نامەی هاوپێچ، پێویستە پێشتر زانیاریت هەبێت لەسەر شوێنی کارەکە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێشتر خۆت ئامادە کردووە و وێنەیەکی پۆزەتیڤ لەسەرت دروست دەکات لە لایەن شوێنی کارەکەوە.
نامەیەکی هاوپێچی باش بریتیە لە کورتکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لە سیڤیەکەتدا هەیە. پێویستە کە زانیاریەکانی ناو سیڤیەکەت دووبارە نەکەیتەوە، بەڵکو ئەو زانیاریانە بەکار بهێنیت بۆ ئەوەی پشانی شوێنی کارەکەی بدەیت کە بۆچی دەتوێت ئەم داواکاریە پێشکەش بکەیت و بۆچی تۆ کەسی شیاوی بۆ ئەم کارە.
لە نامەی هاوپێچی داواکراودا پێویستە ئاماژە بە ریکلامی کارەکە بکرێت، بۆنمونە ئاماژە دان بە شوێن و کاتی ئاگاداربوونت لەم ریکلامە. پێویستە لە نامەکەدا چەند زانیاریەک دەربارەی خۆت بخەیتەروو و بۆچی دەتوێت کار بۆ ئەم کۆمپانیایە بکەیت. پێویستە ئەوە بسەلمێنیت لە نامەکەتدا کە بۆچی دەتوێت ئەم کارە بکەیت و بۆ ئەم کۆمپانیایەش کار بکەیت، هەروەها دەبێت ئەوەشت لە یاد بێت کە زۆر قسەکانت دووبارە نەکەیتەوە. هیوا و چالاکیەکانت کە لە سیڤیەکەتدا باست کردوە، دەبێت لەم نامەیەدا باسی بکەیت بەڵام دەشبێت کە پەیوەندیان بەم کارەوە هەبێت کە داواکاریەکەی بۆ پێشکەش دەکەیت.
بەڵام پێویستیشە کە زۆر باسی خۆت نەکەیت، ئەگەر هەر توانایەکت هەیە کە بۆ ئەم کارە سودی لێ دەبینیت، بە دڵنیاییەوە پێویستە باسی بکەیت. هەوڵ بدە کە رستەی لەم جۆرە بەکارنەهێنیت؛ “من لە پەیوەندی و قسەکردندا زۆر باشم”، لە بری ئەوە هەوڵ بدە ئەو چالاکی و دەستکەوتەکانت لەو بوارەدا نیشان بدەیت.
هەوڵ بدە ئەو تایبەتمەندیانەت بخەیتەروو کە لە ریکلامی داواکاریەکەدا هاتووە. وا پشان بدە کە تۆ ئەو کەسەیت کە کۆمپانیاکە بە دوایدا دەگەڕێت و هەوڵیش مەدە کە باشتری نامەی هاوپێچ بنوسیت، چونکە شتێکی لەو بابەتە بوونی نیە؛ لەوانەیە چەند تایبەتمەندیەک هەبن کە بەڕێوبەرێک بە دڵی بێت و بەرێوبەرێکی دیکە بە دڵی نەبێت.
هەروەها نوسینی ئەم نامەیە دەکەوێتە سەر جۆری شوێنی کارەکە، بۆ نمونە پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ کارێکی ژمێریاری جیاوازە لە کارێکی کۆمپانیایەکی ریکلام.
یەکێک لە خاڵە پۆزەتیڤەکانی نامەی هاوپێچی داوانەکراو ئەوەیە کە پێشبڕکێی کەمتر هەیە لەم جۆرە داواکاریانەدا، چونکە خۆت بە تەنها ئەم داواکاریە پێشکەش دەکەیت. خاڵێکی نێگەتیڤیشی ئەوەیە کە لەوانەیە ئەو کۆمپانیایەی کە ئەم نامەیەی بۆ دەنوسیت، لەو کاتەدا هیچ کارێکی کراوەی نەبێت.
چەندین رێگە هەیە کە بتوانی لە یەکەم پەرەگرافدا سەرنجی خوێنەری ئەم نامەیە راکێشیت. یەکێک لەوانە ئەوەیە ئەگەر کەسێکی ناسراو بناسیت، ناوی کەسەکە بهێنیت کە لە کۆمپانیایەک کار بکات. رێگەیەکی دیکە ئەوەیە کە بە پرسیارێک دەست پێ بکەیت کە وا لە خوێنەرەکە بکات بیەوێت بەردەوام بێت لە خوێندنەوە، پرسیارەکەش لەوانەیە لە بارەی کێشەیەک یاخود پێویستیەکەوە بێت کە وا هەست بکەیت خوێنەرەکە هەیبێت. بۆ نمونە، زۆرێک لە کۆمپانیاکان کەسێکی شیاویان نیە کە بە تایبەتی لە کارێکدا شارەزا بێت. بەڕێوبەرەکان و ئەو کەسانەی کە کارەکانی رۆژانە بەڕێوە دەبەن کاتی ئەم کارانەیان نیە. لەبەر ئەوە یەکێک کە تازە دەست بە کارکردن دەکات، لەوانەیە بۆ ئەم کارانە باش بێت.
ئەوە لە بیر مەکە کە ئاماژە بەوە بکەیت کە داواکاری بۆ ئەم کارە پێشکەش دەکەیت، دەتوانیت لە یەکەم یاخود دوهەم پەرەگراف باسی بکەیت. بۆ نامەی هاوپێچی داواکراو، وا باشترە کە ئەوە پشانی خوێنەرەکە بدەیت کە بۆچی دەتەوێت بە تایبەتی لەم کۆمپانیایە کار بکەیت. لەبەر ئەمەشە کە ناتوانیت یەک نامە بۆ چەند کۆمپانیایەک بنێریت، دەبێت نامەکە تایبەت بکەیت بە کۆمپانیایەکی دیاریکراو.
لە کۆتایی نامەکەدا، داوا بکە کە زیاتر قسە لەسەر تایبەتمەندی و تواناکانت بکەن لە چاوپێکەوتنێکدا، و ئاماژە بەوەش بدە کە کەی و لە چ کاتێکدا تۆ بەردەستیت.

ليست هناك تعليقات