بازرگانی لە رێگای ئینتەرنێتەوە، رێگایەک بۆ دەوڵەمەند بوون

زۆر بە کورتی پێناسەی بازرگانی ئەلیکترۆنی بریتیە لە بازرگانیکردنی شمەک و خزمەت گوزاریەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ، ئەم دیاردەیە بەزۆری لە نێوان دە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی فراوان  لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و ئاسان بەکار هێنانی و زۆربونی بەکار هێنانی مۆبایلە زیرەکەکان و زۆربونی پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووەوە.
بازرگانی ئەلیکترۆنی بووەتە هۆی دروست بوونی سەدان ملیۆن بگرە ملیۆنەها بازاری ئەلیکترۆنی لە جیهاندا و لە بەناوبانگترینیشان پێگەی  (amazon) ە ، کە بەهای بازاڕگەری گەشتۆتە نزیکەی  ٣٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی! بەڵێ وەکو خوێندتەوە هاوڕێ گیان ژمارەیەکی زۆر خەیاڵییە ، بە دڵنیاییەوە دوای خوێندنەوەی ئەو ژمارە زۆرە دەڵێیت  “مامە خەڵک دەوڵەمەندە” یان “خودا رزقی ئێمەش بدات”.
بازاڕی ئەلیکترۆنی لە عێراق
لەم ساڵانەی دواییدا عێراق ئاشنابوو بە بازرگانی ئەلیکترۆنی و تا ئێستاش  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر بە لاوازی دەبینرێت لەم بوارەدا. تەنها ژمارەیەکی کەم لەو بازاڕە ئەلیکترۆنییانە کە دەتوانن سەرجەم  ئەو شمەکانەت بۆ دابین بکەن کە دەتەوێت.
هۆکار زۆرن ، یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە بازارە ئەلیکترۆنیەکان لاوازبێت  کەمی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتە لە عێراقدا، بەپێی ئامارەکان نزیکەی %٧-٥ ی دانیشتوانی عێراق ئینتەرنێت  بەکار دەهێنن کە ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە ، هۆکارێکی کەش لاوازی سیستمی بانکییە لە عێراقدا. سیستمی بانکی  لە عێراق تا ئێستاش گرفتێکی یەکجار زۆری هەیە، هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە هەتا ئێستاش( کریدیت کارتیان ) نییە کە دەتوانن بۆ مەبەستی کڕینی شتومک بەکاری بهێنن.
بازرگانی ئەلیکترۆنی لە عێراقدا زۆر لاوازە وە ئێمەش دەمانەوێت ئەم بوارە زۆرتر فراوان بکەین وە ئەوەش ڕوونادات کاتێک هاوڵاتیان بێ ئاگابن لەم لایەنە، هەر بۆیە دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر ئەم لایەنە.
سودەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی بۆ کڕیار و فرۆشیار
سودەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی زۆرە هەم بۆ کۆمپانیاکان و هەم بۆ تاکەکانیش کە  دامەزراندنی تێچونێکی کەمی دەوێت،  هەموو ئەوەی پێویستە بۆ دامەزراندی وێبسایتێکی ئەلیکترۆنیە لەگەڵ شوێنێک بۆ کەلوپەلەکانی کە دەیفرۆشیت ، پێویستت بە بینایەکی گەورە نیە تاوەکو ئەو کەلوپەلانەی دەیفرۆشیت بیخەیتە ڕوو چونکە کارەکە لە ڕێگای ئەلیکترۆنیەوە دەکرێت تەنها کۆگایەکی بچوکت بەسە بۆ هەلگرتنی کەلوپەلەکان تێیدا.
بە هەمان شێوە  ئەم رێگایە سوێکی زۆری هەیە بۆکڕیارانیش، کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە و ماندوو نابن لە کڕینی شمەکەکانیاندا و بێگومان بەهۆی بوونی رکابەر لە نێوان کۆمپانیاکانا رەنگە شمەکەکانیان بە نرخێک هەرزانتر دەستبکەوێت.
لە بیرمان نەچێت کە لە ئێستادا عێڕاق بە قەیرانێکی ئابووری سەختدا تێپەڕ دەبێت، هەر بۆیە دامەزراندنی کاری لەم جۆرە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو هاوکار حکومەت بکات لە دامەزرانی کارمەند و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان.
چۆن دەتوانیت  وەک فرۆشیارێک بچیتە نێو بوای بازرگانی ئەلیکترۆنیەوە؟
وەکو لە سەرەتادا باسمان کرد ئەم بوارە  بە بوارێکی نوێ دادەنرێت لە عێراقدا، سەرەڕای کەمی بەکار‌ێنەرانی ئینتەرنێت بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە نەتواندرێت هیچ شتێک بکرێت لەو بوارەدا.
مەرج نییە کە پێگەیەکی ئەلیکترۆنی تایبەت بە خۆتت هەبێت کە بەرهەمەکانتی تێدا  نمایشبکەیت، چونکە رەنگە  تۆ کەسێکبیت یان چەند کەسێکبن و کۆمپانیایەکی گەورە نەبن تا بتوانن بڕێکی دیاریکراو کاڵا بخەنە روو. ئامۆژگاریمان  وەکو (یەڵلا) بۆتۆ ئەوەیە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنیت بۆ خستنەڕووی کاڵاکانت، ئەمە ڕێگایەکی سەرکەوتووە و سەکۆیەکی ناوازەیە بۆ خستنە ڕووی شمەکەکانت جا هەر شتێکبێت.
لەکۆتایدا پێتوانەبێت کە بازرگانی ئەلیکترۆنی تەنها کڕینی ئامێری ئەلیکترۆنییە بەڵکو ئەم جیهانە زۆر لەوە فراوانترە، بۆ نموونە ژنان دەتوانن شیرینی دروست بکەن و لە رێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیفرۆشن بە خەڵک وەک لە پێشتردا باسمان کرد، هەروەها گەنجان دەتوانن شوێنی کڕێنی ئامێری ئەلیکترۆنی بکەنەوە لە ڕێی تٶڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو کەلو پەلانە بخەنە روو کە پێیان وایە سەرنجی خەڵک بۆلای خۆیان رادەکێشێت.

هناك تعليق واحد:

  1. ئەی چی دەربارەی بازاڕگەری نێودەوڵەتی؟چۆن هەندێ زانیاریم دەست بکەوێت؟

    ردحذف