چۆنێتی نوسینی سیڤی (یه‌ڵڵا)

نوسینی نامەی هاوپێچ جیاوازە لە بڕیاردان لەو شوێنەی دەتەوێت کاری لێبکەیت، هەروەها جیاوازە لە دەرخستی تواناکانت. دەبێت بزانیت کام لە تواناکانت سوودت پێ دەگەیەنن.
بۆ ئەوەی روون بێت لەبەر چاوت کە کام لە دەستکەوتەکانت جێی شانازین، ریزیان بکە و لەسەر کاغەزێک بیاننوسە. پاشان شیکردنەوەیان بۆ بکە، و بۆت دەردەکەوێت کە لە چ بوارێکدا باشیت و کام لە تواناکانت کارێکت بۆ دەستەبەر دەکەن.
دوای ئەمە، وەرە سەر خوێندن و ئەزموونی کار و هیوایەتەکانت. چاوێک بخشێنە بەو ئەزموونانەی کە کۆت کردوونەتەوە لە کاتی هەر کارێکی خۆبەخشی و راهێنانی هاوینە و ئەو پرۆژانەی لە کاتی خوێندن بەشداریت تێدا کردوون. لیستێک دروست بکە و هەڵسەنگاندیان بۆ بکە بزانە کام لەم ئەزموونانەت سوودت پێ دەگەیەنن کە داواکاری بۆ کارێک پێشکەش دەکەیت.
پاشان بیر لەوە بکەرەوە ئەگەر دەتەوێت ببیت بە سەرکردە لەو بوارەی  کە خۆت هەڵتبژاردووە یاخود لەوانەیت کە شوێن کەسانی دیکە دەکەویت؟ دەتەوێت لەگەڵ خەڵکدا کار بکەیت یاخود بە تەنیا کار بۆ خۆت بکەیت؟ لیستێک دروست بکە کە پێکهاتبێت لە ٣-٤ لە باشترین تایبەتمەندیەکانت. دەتوانیت لە هاوڕێکانیشت بپرسیت بە بڕوای ئەوان تایبەتمەندیەکانی تۆ چین، لەوانەیە ئەوان شتێک لە تۆدا ببین و خۆت نەیبینیت.
ناوەڕۆکی سیڤیەکت و نامەی هاوپێچ بە تەواوی پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە. چەند توێژینەوەیەک دەریان خستووە کە سیڤی و نامەی هاوپێچ پێکەوە لە ماوەی ٣٠ چرکەدا دەریدەخەن کە کەسەکە چ تایبەتمەندیەکی هەیە. لەبەر ئەوە دەتوانیت بە هۆی رێکخستن و شێوازی نوسینی هەردوو سیڤی و نامەی هاوپێچ، وا لە خوێنەر بکەیت کە هەست بکات سیڤیەکی پرۆفێشناڵی لەبەر دەست دایە.
یەکێک لە باشترین جۆرەکانی رێکخستنی سیڤیەکەت، ئەوەیە کە بە پێی ساڵ ریزیان بکەیت. دوای ئەو بەشەی کە زانیارییە کەسییەکانت تێدا نوسیوون کە بریتین لە ناو و ناونیشان و شوێن و کاتی لە دایک بوون و ژمارەی تەلەفون و ئیمەیڵ، پاشان دەست بکە بە ریزکردنی چالاکیەکانت لە نوێترینیانەوە. لەو بەشەی ئەزموونی کارەکانتی تێدا دەنوسیت، هەوڵبدە کورتەیەک لەسەر کارەکەت باس بکەیت. ئەگەر ئەو کۆمپانیایەشی کارت بۆ کردبوو زۆر ناسراو نەبوو، هەوڵ بدە کەمێک زانیاری لەسەر کۆمپانیاکەش باس بکەیت.
بەشێکی دیکە بریتیە لە تواناکانت، وەک: بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و چەند زمان دەزانیت و هیوایەتەکانت چین و حەز بە چ چالاکییەک دەکەیت.
چەند خاڵێکی گرنگ کە دەبێت لە یادت بێت:
  • دوودڵ مەبە لە بەکارهێنانی زیاتر لە لاپەڕەیەک، راپرسییەک ئەوە دەردەخات کە هەندێک لە بەڕێوبەرەکان سەیری لاپەڕەکانی کۆتایی سیڤی دەکەن.
  • هەوڵ بدە زانیارییەکانت بە پێی جۆری ئەو کۆمپانیایە رێکبخەیت کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەیت.
  • دڵنیابەرەوە لەوەی سیڤیەکەت بە کوالیتیەکی باش چاپکراوە.
  • هەوڵ بدە بە کورتی بنوسیت.
  • تیشک بخە سەر ئەو هیوایەت و چالاکیانەت کە پەیوەندی هەیە بە جۆری ئەو کۆمپانیایەی دەتەوێت کاری لێ بکەیت.

ليست هناك تعليقات