شاسوار عەبدولواحید

شاسوار عەبدولواحید قادر ئیبراھیم (لەدایکبووی ١٩٧٩) دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای نالیا و تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆی نالیایە، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سلێمانی، ئێستا خوێندکاری ماستەرە لەھەمان زانکۆ.
لە ١١ی ئایاری ٢٠١٧، شاسوار عەبدولواحید وەکو سەرۆکی فەخری یانەی سلێمانی و سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکە دیاریکرا.

ژیانی

سەرەتای ژیانی

شاسوار عەبدولواحید لەساڵی ١٩٧٩ لەگەڕەکی تووی مەلیکی شاری سلێمانی لەدایکبووە، منداڵێکی زیرەک و وریا و بەجووڵە بووە، حەزی کردووە زۆر شت ھەیە بیزانێت، تەلەڤیزیۆن و ڤیدیۆی ھەڵوەشاندووەتەوە و دواتر پێکەوەیناون.
ھەر بەمنداڵی باوکی لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ کەبابخانەکەی، بەھۆی ئەوەی بەرەبەیان دەچوو لەوێ دەخەوت و لەکاتژمێر ٧ ھەڵیاندەساند بۆ کارکردن، تاوەکو تەمەنی گەیشتە ١٠-١١ ساڵی و لە بەرەبەیانەوە کاری دەکرد.
لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا، لەدووکانەکەی باوکی ھاتەدەرەوە و دووکانێکی یاری ئەلیکترۆنی دانا، ھەرچەندە باوکی حەزی دەکرد کە لەگەڵیدا بەردەوام بێت، بەڵام شاسوار پێی وابوو کەنازانێت دەگاتە کوێ، بۆیە ئەو بڕیارەیدا و خۆشی حەزی لێبوو بەھۆی تەمەنەکەیەوە.

کاری بازرگانی نێوان بەغدا و سلێمانی

لە ساڵی ١٩٩٥ کە لە قۆناغی پێنجەمی زانستی بوو، بڕیاریدا واز لە خوێندن بھێنێت و خۆی تەرخان بکات بۆ کارکردن. سەرەڕای دووکانەکە، خەریکی کاری بازرگانی بووە لەنێوان بەغدا و سلێمانی، لەکاتێکدا ڕژێمی بەعس گەمارۆی ئابووری خستبووە سەر ھەرێمی کوردستان.
لەکاتی باررگانیەکەیدا، بڕیاریدا کە ھەموو سەرمایەکەی بخاتە بازرگانیەکەیەوە، بەڵام دەست بەسەر شتومەکەکەیدا گیرا و مایەپووچ بوو، دواتر دەستی بەکارکردن کردەوە.
لە سلێمانیەوە ئامێری یاریکردنی ئەلیکترۆنی دەبرد بۆ بەغدا و لەوێشەوە تەلەڤیزیۆنی دەھێنایەوە، لەمانگی ئەیلوولی ١٩٩٦ نزیکەی ١٠٠ ھەزار دیناری سویسری کۆکردووەتەوە، کە ئەو کاتە نرخی خانوویەک ٣٠-٤٠ ھەزار دینار بووە.

گەڕانەوە بۆ خوێندن و کۆچکردن

پاش چوار ساڵ دابڕان لەخوێندن، لەساڵی ١٩٩٨ گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن و ئەو ساڵەی بە بەخشینی گشتی بڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بووە لەکارە بازرگانیەکەی. کە لەقۆناغی شەشەمی زانستی بووە، لەکاتی گەشتەکانیدا پەرتووکەکانی لەگەڵ خۆیدا بردوووە و کۆششی کردووە، لەئەنجامدا توانی کۆنمرە ٦٤٣ بەدەستبھێنێت.
ساڵی ٢٠۰٠-٢٠٠١، لەبەشی ئەندازیاری بیناکاری لەزانکۆی سلێمانی وەرگیراوە، بەڵام بڕیاریدا کە کۆچ بکات بەرەو ئەڵمانیا، لەمانگی شووباتی ٢٠٠١دا خۆی ڕادەستی پۆلیس دەکات و لەکاتی چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاند "ھاتووم لەم وڵاتە بژیم"، بە ١٠ خولەک کۆتایی دێت و لەپاش ٤٠ ڕۆژ مۆڵەتی مانەوەی کاتی وەردەگرێت، پێشتریش بڕیاریدا بوو کە لەماوەی ٢ مانگدا وەڵام وەرنەگرێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
لەو کاتەدا باوکی پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ دەنێرێت و داوای لێدەکات خۆی بەئیش و کارەوە سەرقاڵ بکات، پاش ماوەیەک بڕیاردەدات کە بگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھۆکارەکەشی ئەوەبوو لەدواڕۆژدا دەبێتە ئەندازیار دواتر دەتوانێت زیاتر خۆی پێبگەیەنێت.
لەمانگی ئابی ٢٠٠١دا گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، کە ئەو کاتە ھاوڵاتیان ئامادەبوون لەبەرامبەر گەیشتنیان بە ئەڵمانیا ١٠-١٢ ھەزار دۆلار خەرج بکەن.

خوێندن لەزانکۆ

لەساڵی ٢٠٠١-٢٠٠٢ دەستی بەخوێندن لەزانکۆی سلێمانی کرد، یەکێک بوو لەخوێندکارە یەکەمەکان کە دواتر بەپلەی پێنجەم خوێندنی بەکالۆریۆسی تەواوکرد. لەپاش دوو ھەفتە لەچوونی بۆ زانکۆ ھاوسەرەکەی ناسیووە و عاشقی بووە، ھاوکات سەرقاڵی کار و بازرگانی بووە.
لەوکاتەدا ڕێکخراوە خوێندکارییەکانی لایەنە سیاسیەکان سەرقاڵ ھەڵبژاردنی نوێنەری خوێندکاران بوون، شاسوار پێشنیازی بۆ ھاوڕێکانی کردووە کە ڕێکخراوێکی خوێندکاریی بێلایەن دابمەرێنن بۆ نوێنەرایەتی خوێندکاری زیاتر بکات.
لەساڵی ٢٠٠٢دا کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆ سەرقاڵ دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی دەبن، کە ناوی خوێندنی لیبرالە و بەدوای خاوەن ئیمتیازێکدا دەگەڕێن و داوا لەشاسوار دەکەن کە ئەو وەریبگرێت، لە دوای ژمارە ٢ی ڕۆژنامەکەوە وەکو خاوەن ئیمتیاز دەناسرێت.
لەپاش ٣ ڕۆژ لەڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣دا، شاسوار و ھاوڕێکانی، وەشانی عەرەبی ڕۆژنامەکەیان دەگەیننە بەغدا و لەزانکۆکانی ئەوێدا بڵاویدەکەنەوە، پاش ئەوەی ھەماھەنگی لەگەڵ کەمال خۆشناو سەرۆکی ئەو کاتەی زانکۆی سلێمانی دەکات، لەگەڵ خۆیدا ١٢ مامۆستا و پڕۆفیسیۆر لەزانکۆکانی بەغدا و موستەنسریە دەھێنێت بۆ زانکۆی سلێمانی.

پاش خوێندنی بەکالۆریۆس

دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٥دا بەپلەی پێنجەم خوێندنی بەکالۆریۆس لە بەشی ئەندازیاریی بیناکاری لە زانکۆی سلێمانی تەواو دەکات، لەکۆمپانیای بەرزی بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی-سنووردار دەست بەکاردەبێت بۆ ماوەی یەک ساڵ وەکو ئەندازیار کاردەکات، لەپاش یەک مانگ کارکردن توانی ببێتە بەڕێوەبەری ١١ پڕۆژە.
دواتر دەچێتە ھەولێر و کاری بەڵێندەرایەتی بچووک دەکات و لە گوندی ئینگلیزی کاردەکات، ئەم ئەزموونەی بووە ھۆی ئەوەی لەیاسای وەبەرھێنانی ئەو کاتە تێبگات و بیرۆکەی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی لەسلێمانی بۆ پەیدابوو.

ليست هناك تعليقات