١٥ بیرۆکە بۆ ئەوەی ببیتە خاوەن بزنسێکی بچووک

داستان عەلی
بەشی یەکەم
وازهێنان لە پیشەکەت و دەستپێکردنی بزنسێکی نوێ لەوانەیە هەنگاوێکی گەورە بێت لە ژیانتدا ، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێتە بارێکی گەورەی دارایی ئەگەر بێتو پارەیەکی باشت پاشەکەوت نەکردبێت. هەبوونی کارێکی پارت-تایم لەوانەیە یاریدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر جزدانەکەت و بەدەستهێنان و ئاشکراکردنی کۆمەڵێک توانای دیکەت لە کاتێکدا وردە وردە کار بۆ سەربەخۆبونی دارایی و بزنسی خۆت دەکەیت.
ئەگەر زۆر بە پەرۆشیت لە بارەی بیرۆکەی بزنسەکەتەوە و دەتەوێت کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە بکەیت بۆ ئەوەی خەونی بزنسەکەت بکەیتە ڕاستی ، ئەوا ئێمە 15 بیرۆکەی کاری پارت-تایمت پێدەدەین تا ئەو کاتەی دەتوانیت دەست بکەی بەو بزنسەی خەوی پێوە دەبینیت.
ئێمە هەر جارە و ٥ لەو بیرۆکانەتان بۆ بڵاو دەکەینەوە :

١- ژمێریار
بزنسی بچوک ژمێریاری هەمیشەییان نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆربەی کات خاوەن کارەکان نەتوانن کاروبارە داراییەکانیان بەڕێوە ببەن و کارەکەیان بە شکست کۆتایی دێت ، بۆیە کارکردن وەک ژمێریاری کاتیی یان دەفتەردار بۆ ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێک لە مانگێکدا بۆ بزنسە بچوکەکان بیرۆکەیەکی باشە بۆ بەدەست هێنانی هەندێک پارەی زیادە.
٢- مامۆستای میوزیک
بۆ ئەو کەسانەی بەهرەی زانینی لێدانی یەکێک لە ئامێرە موزیکەکانیان هەیە ، بیرۆکەیەکی نایابە کەوا خولی فێربوون بۆ ئارەزومەندانی فێربونی موزیک بکەنەوە ، دەتوانن چەند ڕۆژێک لە هەفتەدا ماڵەکەتان تەرخان بکەن بۆ وتنەوەی وانە، لەهەمان کاتدا فێرخوازەکانت دەتوانن ئامێرەکانیان لەگەڵ خۆیان بێنن بۆ ماڵەکەت. دەتوانی خول بۆ چەندان ئاستی جیاواز بکەیتەوە و بەم شێوەیە دەتوانی پاڵپشتێکی دارایی باش بۆ خۆت بەدەست بێنی.
٣- ڕازاندنەوەی جوانکاریەکان
ئایا بەهرەی دەست خەت خۆشی یان هونەر و وێنەکێشانت هەیە ؟ دەتوانیت ئەم بەهرەیەت بۆ ڕازاندنەوەی جوانکاریەکانی خانمان بەکاربێنیت ، ئایا دەزانی کەسانێکی زۆر پارە دەدەن بۆ ئەوەی ناوی خۆشەویستەکەیان یان وێنەیەکی جوان لەسەر دەست بەندە زیویەکەیان یان ملوانکە ئاڵتونیەکەیان بنەخشێنن ؟؟ کەوایە چاوەڕوانی چی دەکەی؟
٤- کاریکاتێریست
دەزانی گشت ڤیستیڤاڵ و پێشانگایەک ناتەواوە ئەگەر بێت و کۆمەڵێک تابڵۆ و وێنەی کاریکاتێری تێدا نەبێت ، دەتوانیت بە کێشانی کاریکاتێر و فرۆشتنیان کۆمەڵێک پارەی زیادە بەدەست بێنیت ، بەڵام دەبێت لە کێشانی کاریکاتێرەکانتدا زیرەک بیت و بزانیت کەسانی ناو کۆمەڵگاکەت چ جۆرە ستایل و شێوەیەکی کاریکاتێریان پێ قبوڵە.
٥- ڕاهێنەر
هەرگیز بیرت لەوە کردۆتەوە ئەو وەرزشەی حەزت پێیە بەکاری بێنیت بۆ بەدەستهێنانی قازانج ؟ ئەگەر تۆ کەسێکی وەرزشیت و لە وەرزشێکی دیاریکراو توانا و زانیاری زۆرت هەیە ئەوا دەتوانی ڕاهێنان بە کەسانی دیکە بکەیت و لە هەمان کاتدا قازانجی دارای لەو ڕاهێنانانەوە بەدەست بهێنیت.
---------------
بەشی دووەم
وازهێنان لە پیشەکەت و دەستپێکردنی بزنسێکی نوێ لەوانەیە هەنگاوێکی گەورە بێت لە ژیانتدا ، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێتە بارێکی گەورەی دارایی ئەگەر بێتو پارەیەکی باشت پاشەکەوت نەکردبێت. هەبوونی کارێکی پارت-تایم لەوانەیە یاریدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر جزدانەکەت و بەدەستهێنان و ئاشکراکردنی کۆمەڵێک توانای دیکەت لە کاتێکدا وردە وردە کار بۆ سەربەخۆبونی دارایی و بزنسی خۆت دەکەیت.
ئەگەر زۆر بە پەرۆشیت لە بارەی بیرۆکەی بزنسەکەتەوە و دەتەوێت کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە بکەیت بۆ ئەوەی خەونی بزنسەکەت بکەیتە ڕاستی ، ئەوا ئێمە ١٥ بیرۆکەی کاری پارت تایمت پێدەدەین تا ئەو کاتەی دەتوانیت دەست بکەیت بەو بزنسەی خەوی پێوە دەبینیت.
دوای ئەوەی لە بەشی  یەکەم ٥ بیرۆکەمان بڵاوکردەوە ئەمجارەشیان ٥ بیرۆکەی ترتان بۆ پێشنیار دەکەین:
پاکردنەوەی ماڵ : بۆ ژن و مێردێک کە ڕۆژانە بۆ چەند کاتژمێرێکی درێژ کاردەکەن پاکردنەوەی ماڵەکەیان دەکەوێتە کۆتایی لیستی ئەو کارانەی بە نیازن بیکەن. تا ئێستا بیر لەوە نەکراوەتە کە کۆمپانیایەکی بچووک بۆ ئەم کارانە تەرخان بکرێت، هەروەک چۆن سەرەتا نان کردن کارێکی زۆر قبوڵکراو نەبوو بەڵام ئێستا بەهۆی کارگەکانی نان کردن سەدان ئافەرەت دەتوانن کاربکەن، دەکرێت ئەو کارانەی کە لە کۆتایی هەفتە دەکرێن هەر لە کارە ئاسانەکانی ماڵ وەک گسک لێدانی کارەبایی و لابردنی تۆز تا کارە کەمێک گرانەکانی وەک پاک کردنەوەی چێشتخانە و حەمام و ئاودەست لەلایەن کارمەندەکانەوە یان لەلایەن گروپێکی چەند کەسییەوە ئەنجام بدرێن.
بەپێی کاتژمێرەکانی کارەکەت پارە وەربگرە یاخود پاکێجێکی تایبەت بە نرخ و کاتی کارکردنت و شێوەی کارکردنت بۆ موشتەریەکانت دروست بکە. هەمیشە بیرت بێ کەوا موشتەریەکانت بڕوای تەواویان بە تۆ هەیە کاتێک ڕێگات پێدەدەن لە تەواوی ماڵەکەیان کاربکەیت بۆیە بڕوایەکی پۆڵاین بۆ ئەو کەسانە دروست بکە پێش ئەوەی ڕیکلام بۆ کارەکەت بۆ خەڵکی بێگانە بکەیت.
کاری دەستی و چنین: کچان و ژنانی زۆر لە وڵاتان کاتە زیادەکانی خۆیان بە چنین بەسەر دەبەن ، لە ئێستادا خواستی خەڵکی بۆ کارە چنراوەکان ڕوو لەزیادبوونە ، بۆیە بیرۆکەیەکی نایابە سود لەم دەرفەتە وەربگری و بیکەیتە ڕێگایەک بۆ دەستکەوتی دارایی، ئەگەر تۆ شارەزای چنینیت دەتوانی بە فرۆشتنی چنینەکانت یاخود فێرکردنی کەسانی ئارەزومەند سوود بەدەست بێنی ، ئەگەر هیچ شارەزایەکیشت لە چنین نیە دەتوانی بەشداری خولەکانی فێربون بکەیت یاخود ڕێگایەکی ئاسانتریش هەڵبژێریت کە ئەویش فێربوونە لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوە.
وەرگێڕان: ئەگەر زیاتر لە زمانێک دەزانیت ، ئەوا ئەو بەهرەیەت بەکاربهێنە بۆ دەستکەوتنی پاڵپشتی دارایی زیاتر بۆ ژیانت ، وەرگێڕان بوارێکی فراوانە و دەتوانیت بەچەندان شێوە کاری تێدا بکەیت ، وەرگێڕانی فیلم بۆ کەناڵە ناوخۆیی و ماڵپەڕەکانی بواری سینەما ، وەرگێڕان بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان ، وەرگێڕان بۆ کەسانی بیانی کە وەک گەشتیار دێنە وڵاتەکەتەوە….هتد.
 وەستا: هەرگیز لە ماڵەوە یان لای هاوڕێکانت بە وەستا بانگ کراوی لەبەر ئەوەی توانیوتە بەلوعەیەک یان پلاکێکی کارەباکەتان چاک بکەیتەوە ؟ کەواتە ئەو بەهرەیەت بەکاربێنەوە و ببە بە وەستای گەڕەکەکەتان، بۆریە شکاوەکان چاک بکەرەوە ، سپلێت بۆ ماڵان ببەستە ، پلاک و گڵۆپی تازە دابنێ. بەڵام پێش هەمووی دڵنیابە کەوا مۆڵەتی ڕيگەپێدراو لەلایەنی حکومەتەوە وەربگریت بۆ ئەوەی نەبیتە وەستای ناو سجن.
ڕاهێنەری پڕۆگرام:  ئەگەر شارەزایی تەواوت لە پڕۆگرامێکی تایبەتی کۆمپیوتەر هەیە ئەوە دودڵ مەبە و ببە بە ڕاهێنەری ئەو پڕۆگرامە. زۆر لەو کەسانەی لە کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان کار دەکەن شارەزای تەواویان نیە لەسەر ئەو پڕۆگرامە تایبەتانەی بەکاریان دێنن ، دەتوانیت خول بۆ فەرمانبەرە تازە دامەزراوەکان بە گرووپ بکەیتەوە بۆ ڕاهێنانیان لەسەر ئەو پڕۆگرامەی بەکاری دێنن.


ليست هناك تعليقات