چی بکەین گەر داواکاریمان بۆ دامەزراندن رەتکرایەوە؟


بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکەوتووە، دۆزینەوەی کار بووەتە شتێکی ئەستەم لەم هەرێمەدا. بۆ ئەوەی لە کارێک وەرگیردرێیت دەبێت توانا و شارەزاییەکانت زۆربن تاکو بتوانیت وەربگیرێیت. بۆ کەسێک کە تازە زانکۆ تەواو دەکات ئەمە شتێکی زۆر زەحمەتە چوونکە کاتێک زانکۆ تەواو دەکەیت شارەزاییت لە بوارەکەی خۆتدا زۆر نییە و پێویستت بەوە هەیە کە کەسێک هاوکارت بێت تا لە جێگەیەک خۆت بدۆزیتەوە و ئیدی لەم شوێنەوە دەست پێبکەیت. 
ژمارەیەکی زۆر لە ئێمە پاش خوێندن سی ڤی خۆمان پشکەش چەندین کۆمپانیا و رێکخراو کردووە بۆ ئەوەی هەرچیمان کردووە دەستمان لە شوێنێک گیر ببێت، بەڵام تا ئێستاش بێ کارین و لە کونجی ماڵەوە لێی دانیشتووین و ئەوەشی پێشتر زانیومانە لەبیرمان چووەتەوە. ئیدی ئەمە بەسە، بیرۆکەی دامەزراندن لە مێشکی خۆتان دەربێنن و بە سوود وەرگرتن لە شارەزایی کەسانی دیکە هەوڵبدەن دەست بە بزنسی تایبەت بە خۆتان بکەن، ئەگەرچی پەیوەندی بە بڕوانامەکەشتانەوە نەبێت و بە پرس و راوێژ بە کەسانی دەوروبەرتان دەست بە کارێک بکەن کە هەم داهاتەکەی لە دامەزراندن زیاتر بێت هەم بتوانن خۆتان نەبەستنەوە بە کەسانی دیکەوە. 

ئاش فۆکس ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵە کە خەڵکی شاری نیو یۆرکە، ئەو لە زیاتر لە ١٠ جێگا داوای کاری کرد بەڵام وەڵامی نەدرایەوە، هەربۆیە بڕیاریدا دەست بە کاری فۆتۆگرافی بکات و ساتە خۆشەکانی ژیانی خەڵک تۆمار بکات بەتایبەتی کاتی پێشکەشکردنی داوای هاوسەرگیری و تا ئێستا وێنەی زیاتر لە هەزار کەسی گرتووە. فۆکس لە ساڵی ٢٠٠٩ بەکالۆریۆسی لە هونەرە جوانەکان بەدەست هێناوە، بەڵام بۆ ماوەی ٣ ساڵ چاوەڕوان بوو و لە هیچ شوێنێک دانەمەزرا بۆیە ناچار دەستی دایە کاری فۆتۆگرافی و وێنەگرتنی خۆشترین ساتەکانی ژیانی خەڵک و لە ساڵی ٢٠١٢ ـــەوە ئەم کارەی بۆخۆی بونیاتناوە. 

ئەو لەگەڵ چەندین نەتەوە و ئاینی جیاواز و تەمەنی جیاواز کاری کردووە و ٧٥ %ی موشتەرییەکانی لەدەرەوەی نیویۆرکەوە دێن بۆ ئەوەی فۆکس خۆشترین ساتەکانی ژیانیان بۆ تۆمار بکات، چوونکە جگە لە فۆتۆگرافەری بیرۆکەی جوان دەداتە خەڵکەکە بۆ ئەوەی بتوانن بە رۆمانسیترین شێوە داوای هاوسەرگری لە خۆشەویستەکانیان بکەن و بەمەش توانی بەبێ تێچوونی یەک دینار داهاتێکی باشی مانگانە بۆخۆی دەستەبەر بکات. 
ئەمە سادەترین نموونەیە بۆ ئەوەی بتوانیت دەست بە بزنسی تایبەتی خۆت بکەیت و خۆت بە دامەزراندن لە حکومەت، کۆمپانیا و رێکخراوەکان نەبەستیتەوە. جگە لە کاری فۆتۆگرافی چەندین کاری دیکە هەن کە بە تێچوویەکی کەم دەتوانیت ببیتە خاوەن موچەی تایبەتی خۆت لەوانە رێکخستنی بۆنەکان بۆ خەڵک، دامەزراندی کۆمپانیای گواستنەوەی ماڵان، دیزاین کردنی باخچە و ماڵان، بەرگدوری، ئارایشتگا و چەندان کاری دیکە کە تەنها تۆزێک بەهرەمەندیان دەوێت. تۆش چ پیشەیەکی دیکە شک دەبەیت بینوسە بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانەی لە ماڵەوە بە بێ کاری دانیشتوون بتوانن سودمەند بن لە بیرۆکەکانتان. 

سەرچاوە: یەڵڵا

ليست هناك تعليقات