سی ڤی CV چییە؟ و چۆن دەنووسرێت؟ (شاخه‌وان نامیق)

سی ڤی CV چییە؟ و چۆن دەنووسرێت؟
زۆربەمان بیستوومانە و خوێندوومانەتەوە کاتێک کۆمپانیایەک یان دەزگایەک پێویستی بە کارمەندە داوای سی ڤی لە خوازیاری کارەکانیان دەکەن.
بۆ نووسینی سی ڤی ئەم ھەنگاوانە جێبەجێبکە:
1- سەرەتا لە سەرەوەی لاپەڕەکەدا ناوی سیانیی خۆت بەگەورەیی بنووسە و ھێڵێک بهێنە بەژێریدا .
2- بەگەورەیی ناوی پیشەی ئێستات یاخود پێشووت بنووسە و بەھەمان شێوە ھێڵێک بهێنە بەژێریدا.
3- ناونیشانی پۆستی ئەلکترۆنی (ئیمەیڵ)ی خۆت بنووسە و ھێڵێک بهێنە بەژێریدا.
4- کورتەباس:
بەکورتی خۆت دەناسێنیت کە ناوت چییە و تەمەنت چەندە و خەڵکی کوێیت و لەکوێ دەژیت، ئینجا بنووسە کە دەتەوێت بە چ پۆستێك (پیشەیەك) دابمەزرێیت، دوایی بەکورتی خاڵە گرنگ و بەھێزەکانی خۆت بنووسە بۆ نموونە لە چی شتێکدا باشیت و شارەزایی و تایبەتەمەندیت لە چ شتێکدا ھەیە، ئینجا داواکەت پێشکەش دەکەیت. وەك ئەم نموونەیەی خوارەوە:
(من کە ئەزموونی [ئەوەندە ساڵە: نموونە سێ ساڵ] کارکردنم ھەیە لە [فڵانە ئیش: ناوی ئیشەکەت) دەمەوێت بە پیشەی [فڵان] لە کارخانەی (کۆمپانیای) [فڵان] دابمەزرێم... ئینجا دوو دێڕ دێیتە خوارەوە.)
5- شارەزایی کارکردن:
ناوی پلەی فەرمانبەریت بنووسە یاخود ھەر پیشەیەکی تری خۆت کە تا ئێستا بەردەوامی لێی یاخود ھی پێشووتە. وەك ئەم نموونەیە:
(فەرمانبەری بنکەی ئاگرکوژێنەوە لە ٢ی کانوونی یەکەم، ٢٠١٠ - ھەتا ئێستا -
ئەوە ئەگەر تا ئەو کاتە ھەر ئەو پیشەیەت دەکرد ئەگەر وازت لێ ھێنابوو ئەوا لە جیاتی (ھەتا ئێستا) ڕێککەوتی دەستلەکارکێشانەوەکەت بنووسە.)
6- پلەی پەروەردەیی:
.ناوی ئەو زانکۆ/پەیمانگەیەی لێیت خوێندووە لەگەڵ بەشەکەت و ساڵی دەرچوون و نمرەی دەرچوونت. وەك ئەم نموونەیە:
(دەرچووی زانکۆی کۆیە، بەشی یاسا (٢٠١٢-٢٠١١) بە نمرەی %٨٣ -
ئەگەر وێنەیەك لە بڕوانەمەی دەرچوونەکەشتی لەگەڵ ھاوپێچ بکەیت (لێی ببەستیت) زۆر باشتر دەبێت.
7- ناونیشان:*ناونیشانی خۆت بنووسە.
*پۆستی ئەلیکترۆنی.
*ژمارەی دووربیست (تەلەفۆن).
*ژمارەی مۆبایل.

ليست هناك تعليقات