چاوپێکەوتنی کار (یه‌ڵڵا)

یاسەمین جاف – ئەکتیڤ لەیبەر/هەولێر
کاتێک بانگهێشت دەکرێیت بۆ چاوپێکەوتنی ئەو کارەی داواکریت بۆ پێشکەش کردبوو، ئەوا هانگاوێک نزیکتریت لە بەدەستهێنانی کارەکە. سیڤیەکەت و نامەی هاوپێچەکەی پێشتر نوسیوتە و ناردووتە کاری خۆیان کردووە و وێنەیەکی ئەرێنیان لەسەر دروست کردوویت. لە کاتی بانگهێشت کردنیشت بۆ چاوپێکەوتن، تۆ زانیاری زیاتر کۆدەکەیتەوە لەسەر کۆمپانیاکە و ئەوانیش باشتر تۆ دەناسن.
دەتوانیت خۆت ئامادە بکەیت بۆ چاوپێکەوتنەکە، ئەمەش چانست زیاتر دەکات بۆ وەرگرتنت لەم کارە. کاتێک خۆت ئامادە دەکەیت، زیاتر باوەڕت بە خۆت دەبێت و دوودڵ نابیت لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا. لەم بەشەدا باس لەو پرسیارانە دەکەین کە پێویستە پێشبینی بکەیت کاتێک خۆت بۆ چاوپێکەوتنێک ئامادە دەکەیت.
  • ئەگەر یەکەم چاوپێکەوتن بێت، ئەوا لە سەرەتادا پێک دێت لە یەکترناسین. لەوانەیە خواردنەوەیەکت پێشکەش بکەن و بۆ ئەوەی هەست بە دڵەڕاوکێ نەکەی، چەند شتێکت لێ بپرسن، وەک: “ئاسان شوێنەکەت دۆزیەوە کە هاتیت بۆ ئێرە؟”
  • پاشان چەند زانیاریەکت پێ دەدەن لەسەر کۆمپانیاکە و زانیاری زیاتریش لەسەر کارەکە.
  • پاشان پرسیارت لێ دەکەن دەربارەی سیڤیەکەت و نامەی هاوپێچەکەت کە ناردووتە.
  • ئەگەر هەر پرسیارێکت هەیە، بپرسە.
پاشان لەوانەیە چاوپێکەوتنی دووەمت لەگەڵ ئەنجام بدەن و زانیاری زیاترت بدەنێ لەسەر کارەکە، و باسی موچە و رۆژی دەستپێکردن و پشووەکانت لەگەڵ بکەن. پێش چاوپێکەوتنەکە، لەوانەیە لە نامە یاخود ئیمەیڵی بانگهێشتکردنەکەدا پێت رابگەیەنن کە لەگەڵ کێ چاوپێکەوتن دەکەیت. هەروەها، دەشێ چاوپێکەوتن لەگەڵ چەن کەسێک بکەیت کە بریتین لە:
پانێڵی هەڵبژاردن:
ئەم پانێڵە لە چەند کەسێکی کۆمپانیاکە پێکدێت کە لەوانەیە بەڕێوبەر بن یاخود هاوکارت بن یاخود کەسێک بێت لە بەشی سەرچاوە مرۆییەکان.
چاوپێکەوتن لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیاکە/بەڕێوبەر: هەڵوێست و هەڵسوکەوتت لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا بەشێک دەبێت لە بڕیاری وەرگرتنت.
چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێوبەری بەشەکە: ئەم کەسە بڕیار دەدات کە بۆ چ کارێکی ئەو بەشە وەرت دەگرن. ئەوەت لە یاد بێت کە خۆت ئامادە بکەیت بۆ پرسیاری پێشبینی نەکراو.
چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسێکی بە ئەزموون: بە گشتی ئەم کەسە بەڕێوبەری بەشی سەرچاوە مرۆییەکانە یاخود یەکێکە کە لە کۆمپانیایەکی دامەزراندن. ئەم کەسانە گرنگی دەدەن بە شێوازری قسەکردن و چۆنێتی کارەکانت، راستگۆ و ئەرێنی بە لە کاتی وەڵام دانەوە، ئەگەر ئەزموونت نیە لەم کارەدە، ئەم هەلە بقۆزەرەوە کە چۆن خۆت بەرەو پێش دەبەیت لە بوارەکەدا و سەرکەوتوو دەبیت، و هەوڵ بدە وەڵامەکانت کورت بن.
خۆئامادەکردن: قەت دوو جار چانست نابێت بۆ ئەوەی یەکەم وێنەی ئەرێنی خۆت لای شوێنی کارەکەت دروست بکەیت، لەبەر ئەوە هەوڵ بدە بۆ یەکەم چاوپێکەوتن خۆت باش ئامادە بکەیت.
کۆکردنەوەی زانیاری: بە کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر دەربارەی کۆمپانیاکە و ئەو بەشەی کاری لێ دەکەیت، بەمەش باشتر دەتوانیت بڕیار بدەیت ئەگەر دەتەوێت لەم شوێنە کار بکەیت یاخود نا. چۆنێتی کۆکردنەوەی زانیاریش لە رێگەی سەردانکردنی وێبسایتی کۆمپانیاکەوە دەبێت، یاخود پرسیارکردن لە خەڵک و چاو خشانەوەیەک بە ریکلامی کارەکەدا.
چەند پرسیارێکیش هەن کە ستانداردن وناگۆڕێن، ئەم پرسیارانەش دەربارەی خۆت و ئەزموون و کار و چالاکیەکانی پێشووتن. ئەم پرسیارانە ئاسانن و دەتوانی بە بڕوا بە خۆ بوونەوە وەڵامیان بدەیتەوە، ئەمەش وێنەیەکی باشی تۆ دروست دەکات لە لای ئەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنت لەگەڵ ئەنجام دەدەن. ئەمانەش چەند نموونەیەکن:
  • بۆچی داواکاریت پێشکەش کردووە بۆ ئەم کارە؟ شوێنی کارەکە دەیانەوێت بزانن کە بۆچی بە تایبەتی بۆ داواکریت بۆ ئەم کارە پێشکەش کردووە و ئەگەری دەمێنیتەوە لەو شوێنە یاخود نا. هەروەها لە کاتی وەڵامدانەوەدا، دەتوانیت وا لە ئەو کەسە بکەیت کە چاوپێکەوتنەکەت لەگەڵ نیشان دەدات کە پێشتر زانیاریت هەیە لەسەر کۆمپانیاکە و خۆت ئامادە کردووە.
  • ئایا کاری لەم جۆرەت کردووە پێشتر؟ هەوڵ بدە ئەو کارانەت باس بکەیت کە نزیکە لەم کارەوە و ئەزموونەکانتیان پێ بڵێ.
  • کارەکانت چی بوون لە کارەکەی پێشووت؟
  • بۆ دەتەوێ کارەکەت بگۆڕیت؟
  • بۆچی ئێمە لێرە داتبمەزرێنین؟ ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی کە لە کاتی چاوپێکەوتندا زۆر دەکرێت. ئەگەر ئەزموونێکی باشت هەبێت لە بوارەکەدا، ئەوا دەتوانیت بە باشی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەیتەوە و کەسەکە رازی بکەیت بە وەڵامەکەت.
  • زانیاری زیاترمان پێ بڵێ لەسەر خۆت
  • خاڵە بەهێز و بێهێزەکانت چین؟
  • ئەمانەش چەند پرسیارێکی دیکەن: کەی دەتوانیت دەست بکەیت بە کار؟ بۆچی دەتەوێت لەم بوارەدا کار بکەیت؟ دەتەوێت لە ٥-١٠ ساڵی داهاتوودا چی بکەیت؟ داواکاری دیکەت پێشکەش کردووە؟
سه‌رچاوه‌ : یه‌ڵڵا

ليست هناك تعليقات