باخان كامیل ئەو كچەی دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەی ئەندازیاری ،دوكانێكی دروستكردنی نانی داناوە

باخان كامیل ئەو كچەی دوای بڕینی قۆناغەكانی خوێندن بە سەركەوتویی و بە دەستهێنانی بڕوانامەی ئەندازیاری كشتوكاڵی و دوایی ماوەیەکی دوور و درێژ لە چاوەڕوانی دامەزراندن لە ئێستادا خاوەن پێشەیە و دور لە پسپۆڕییەكەی خۆی لەسەر ڕێگای سەرەكی دەربەندیخان دوكانێكی دروستكردنی نانی كوردی داناوە و سەرقاڵی دروستكردنی نانە.
باخان کامیل ڕایگەیاند ''ماوەی دوو ساڵە تەخەروجم کردوە، دوایی ئەوەی زۆر هەوڵمدا دابمەزرێم بەڵام دامەزراندن لەم کاتەدا مەحاڵە، لەبەر ئەوە بڕیارمدا چێتر چاوەڕوان نەبم و ببمە خاوەن پیشەی خۆم بۆیە ئەم نانەوخانەیەم کردوە''.
باخان وتیشی ''لەئێستادا دڵخۆشم بەوەی خاوەن پیشەی خۆمم و هەلی کارم بۆ کۆمەڵێک ئافرەت ڕەخساندوە، بەڵام بەداخەوە گەنج لە وڵاتی ئێمە ئیهمال کراوە ساڵانێکی زۆر دەخوێنێت و دوایی ئەبێت لەماڵەوە دابنیشێت''.
سەبارەت بەپیشەکەی دەڵێت ''ئیشێکی ئافرەتانەی گونجاوە بەڵام من چەندین ساڵ خوێندومە و ئەندازیاری بواری کشتوکاڵم کە ئەو بوارە دوورە لە پیشەکەمەوە و لەئێستادا هیچ سودی بۆم نیە''.
کارکردنی کچە ئەندازیارێک لەنانەوخانەیەکدا ئەو پەندەی خستە ژێر پرسیارەوە کەدەڵێت ''کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو''، باخان خۆی بەشیاوی ئەو کارە نازانێت و دەڵێت ''لەگەڵ بڕوانامە و پسپۆڕیەکەمدا ناگونجێت، بەڵام شانازی بەکارەکەمەوە دەکەم چونکە دەتوانم بژێوی ژیانی خێزانەکەمی پێ دابین بکەم و هەلی کاریشم بۆ ژمارەیەک ئافرەت ڕەخساندوە''.
وەک باخان خۆی دەڵێت: پیشەکەیان قورسە و لەبەیانی زوودا دەبێت خۆیان ۆ ئەو کارەکە ئامادە بکەن لەگەڵ ئەوەشدا بەڕووخۆشیەوە لەگەڵ کڕیاراندا مامۆڵە دەکات و دەڵێت ''چاوەڕوان بن و نانی گەرم ببنەوە''.
بیرۆکەی ئەم کارە دەگەرێتەوە بۆ ژنێک بەناوی رێزان حەمە عەلی کەپیشەکەی لەماڵانەوە هێنایە ناو بازاڕ و وەک خۆی دەڵێت ''شانازی دەکەم بەوەی کە لەئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەدەربەندیخان ئەم کارە دەکەن و بژێوی ژیانیان بەڕەنج و ماندو بوونی خۆیان پەیدا دەکەن''.
ئەگەر ژنان لەتەواوی کایەکانی ژیان شانبەشانی پیاوان رۆڵیان هەبووە و توانیویانە خاوەن پیشەو دەستی کار بن بەڵام قەیرانی دارایی هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بێنە پێشەو و بەدەست و پەنجە و رەنج و ماندووبوونی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین بکەن


ليست هناك تعليقات