چەند بنەمایەکی دارایی کە دەرچووی نوێی زانکۆ دەبێ بیزانێت ! (له ئینگلیزییهوه)
ئامادەکردنی : داستان محمد
ئەگەر تۆ دەرچوویەکی تازەی زانکۆیت ئەوا پیرۆزباییت لێ دەکەین، لەوانەیە لە ئێستادا یەکەمین کاری ژیانت دەست کەوتبێت و زیاتر لە هەموو قۆناغێکی دیکەی تەمەنت پارەت بێتە دەست، بۆ ساتێک ڕابمێنەو هەوڵ بدە لێکدانەوەیەک بۆ بڕی دەسکەوتەکەت و گەشەسەندنی ئەو بڕە بکەیت ساڵانە، واتە ئەگەر تۆ مانگی هەزار دۆلار وەردەگریت و لە ساڵێکدا ٪3 ئەو بڕە دێتە سەر کۆی مووچەی ساڵانەت ئەوا تۆ دوای 42 ساڵی دیکە بڕی 984،278$ دۆلارت پەیدا کردووە ، بە زمانی بازاڕی واتە تۆ لە 40 ساڵی داهاتوو 98 دەفتەر بەدەست دەهێنیت.
ئێستا کاتی ئەوەیەی پلانێکی درێژخایەنت هەبێت بۆ چۆنیەتی خەرج کردنی ئەو پارەیەی پەیدای دەکەیت ، چونکە بە هەبوونی پلان ئەوه دەتوانی زۆر لەو ئامانج و خەونانەی هەتە بۆ ژیانت بەدییان بهێنیت ، ئێمە لە یەلڵاوە کۆمەڵێک بنەمای داراییت بۆ ڕوون دەکەیەنەوە کە دەبنە هۆی باشتر خەرج کردن و پاشەکەوت کردنی داراییت.
پلان دابنێ بۆ سەرکەوتن.
مانگانە بڕی پێداویستیەکانت بخەمڵێنە ، واتە بزانە تۆ لە مانگێکدا چەند پارە خەرج دەکەیت لە کڕینی خواردن و جلوبەرگ و بەنزینی سەیارە و ……هتد، دوای زانینی ئەو بڕانە هەمووی لە دەفتەرێکی تێبینی بچووکدا بنووسە و ڕۆژانە بە پێی خەرجیەکانت سەیری دەفتەرەکە بکە بۆ ئەوەی لە بڕی پێویست زیاتر خەرج نەکەیت، ئاساییە کە پلانەکەت ٪100 وەک ئەوە نەبێ نوسیوتە، چونکە خەرجییەکان بە پێی ڕۆژ و بارودۆخ دەگۆرێت، بەڵام هەوڵ بدە ئەو پارە زیادەیەی لە دەرەوەی پلان سەرفت کردووە لە خەرجییەکانی دیکەدا جێی بکەیتەوە.
شارەزایانی دارایی دەڵێن پاشەکەوت کردن دوو جۆری هەیە ، جۆری یەکەم ئەو پاشەکەوتەیە کە دەیکەین بۆ بارودۆخە نەخوازراوەکان وەک نەخۆشی، ئەو پاشەکەوتە بڕەکەی پێویستە یەکسان بێت بە بڕی پێویستی ژیانت لە سێ مانگ تا شەش مانگ، واتە تۆ لەماوەی سێ بۆ شەش مانگدا چەندە پارەت پێویستە بۆ ژیان ئەوه پاشەکەوتی حاڵەتی لەناكاو پێویستە یەکسان بێت بەو بڕە.
جۆری دووەم بریتیە لەو پاشەکەوتەی دەیکەین بۆ کڕینی پێداویستیەکی ژیانمان، ئەگەر تۆ بەنیازی کڕینی ئۆتۆمبێلیت لە ماوەی دوو ساڵدا ئەوه نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە دابەشی 24 بکە، ئەو بڕەی بۆت دەردەچێت بریتیە لەو بڕەی کە تۆ پێویستە مانگانە بۆ ماوەی 24 مانگ پاشەکەوتی بکەی.
با خەرجیەکانت لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بن
هەوڵ بدە هەمیشە خەرجییەکانی ژیانت لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بن و ڕێگا مەدە پارەکانت لە خەرجی بێکەڵکدا بە فیرۆ بچن، لە بری داواکردن و کڕینی خواردن لە دەرەوە کە پارەیەکی زۆری دەوێ هەوڵ بدە لە ماڵەوە ساندویچ بۆ خۆت دروست بکەی، ئۆتۆمبێل بۆ کاری پێویست بەکاربهێنە بۆ زیاد سەرف نەکردنی سوتەمەنی، ئەوەندە جل بکڕە کە لەبەری دەکەی، بەم شێوەیەی هەمیشە دەتوانی جلی نوێ بکڕی بێ ئەوەی کەڵەکە ببێت لەسەرت، بە شوێن مۆبایلی گرانبەهادا مەگەڕێ بەڵكوئەو مۆبایلە هەڵبژێرە کە کاری رۆژانەت ئاسان دەکات، دەیان نموونەی دیکە هەن کە دەتوانی بەهۆیەوە خۆت لە خەرجی زیادە بپارێزی.
التعليقات على الموضوع